بۆچى بێ ئەوەی دووگیان بیت شیر لە مەمکت دێت؟

ماڵپەڕی خانمان ماڵێک بۆ خانمان Xanman.Home4T.coM
بۆچى بێ ئەوەی دووگیان بیت شیر لە مەمکت دێت؟
.
.
شیرهاتن لە مەمک بەشێوەیەکی ئاسایی پاش منداڵبوون روودەدات، هەندێکجار لە ماوەی دووگیانیش روودەدات. بەڵام هەندێکجار نەک هەر خانمان بەدەر لە دووگیانی و منداڵبوون، بەڵکو پیاوانیش تێبینی دەکەن شیر یان دەردراوی سپیی وەکوو شیر لە مەمکیان دێ. 

هۆکارەکانی چین؟ 

دروستبوونی شیر لە مەمکدا لەکاتی دووگیانی و شیردانی سروشتی بەهۆی هۆرمۆنی (پڕۆلاکتین) روودەدات، بۆیە بەرزبوونەوەی ئەم هۆرمۆنە بە هەر هۆیەک بێت دەبێتە هۆی دروستبوونی دەردراوی سپیی هاوشێوەی شیر لە هەر کەسێک و هەر رەگەزێکدا. ئەم هۆرمۆنە و چەندینی دیکە لەلایەن (ژێرمێشکەڕژێن) دەردەدرێن کە لە بنەوەی مێشکدا هەڵکەوتووە. 

نەخۆشکەوتنی ئەم رژێنە، جا بە دروستبوونی گرێ یان نەخۆشیی دیکە، دەبێتە هۆی زۆربوونی هۆرمۆنی هاندەری دروستبوونی شیر (پرۆلاکتین). 

بەڵام بەدەر لەمە، هەندێک هۆی دیکەش هەن کە هانی دەرچوونی شیر لە مەمکەوە دەدەن لەکاتی نائاساییدا، وەکوو: 

1- زۆر ورووژاندنی مەمک و گۆی مەمک. 

2- دەرمان، وەکوو دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان و بەشێک لە دەرمانەکانی دابەزێنەری گوشاری خوێن. 

3- ناچالاکیی رژێنی دەرەقی. 

4- نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە. 

5- هەندێک دەرمانی رێگری لە منداڵبوون. 

6- کەمیی هۆرمۆنی نێرینە لە پیاواندا. 

هەندێک خانمیش هەن کە لە منداڵی شیرەخۆرەی کەسانی دیکەش نزیک بن، مەمکیان شیر دروست دەکات، بەڵام ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە. 

لە هەندێک کەسی دیکەشدا کەسەکە هیچ نەخۆشییەکی نییە، تەنیا مەمکی زیاد لە پێویست هەستیارە بۆ هۆرمۆنی پرۆلاکتین و لە ئاستی ئاساییشدا ئەو هۆرمۆنە شیریان پێ دەردەدات. 

نیشانەکان 

نیشانەکان بەپێی حاڵەت و هۆکارەکان جیاوازن، وەکوو: 


1- شیرهاتنی ناوبەناو یان بەردەوام لە گۆی یەکێک لە مەمکەکان یان هەردووکیان 

2- دەڵاندنی شیر لە مەمک، لەخۆوە یان بە وروژاندنی مەمک و گۆی مەمک. 

3- تێکچوونی سووڕی مانگانە. 

4- سەرئێشە و گرفتی بینایی 

لە پیاواندا دەشێ هاوکات لەگەڵ شیرلێهاتنی مەمک، ئەم نیشانانە هەبن: 

1- گەورەبوونی مەمک یان گۆی مەمک 

2- هەستیاربوونی مەمک 

3- گرفت لە رەپبوونی چووک 

4- کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسکردن 

دەستنیشانکردنی هۆکارەکان 

سەرەتا لە رێگەی پرسیارکردن و پشکنینی جەستە بە دەست، پزیشک هەندێک سەرەداوی دەستدەکەوێ، پاشان بڕیاری پشکنینی تاقیگەیی و وێنەیی دەدات کە رەنگە یەک یان زیاتر لەمانە بگرێتەوە. 

1- پشکنینی دووگیانی 

2- پشکنینی خوێن بۆ زانینی ئاستی هۆرمۆنی شیر (پڕۆلاکتین) یان رژێنی دەرەقی یان هەردووکیان. 

3- پشکنینی دەردراوی مەمک لە تاقیگەدا. 

4- سکانی موگناتیسی (ئێم ئاڕ ئای)ی مێشک، بۆ ئەوەی بزانرێ گۆڕانکاری هەیە لە ژێرمێشکەڕژێن 

5- سۆنار یان وێنەی تیشکیی مەمک. 

چارەسەر 

چارەسەرەکە بەپێی هۆکارەکە دەبێت، هەندێکیان هیچ چارەسەرێکی تایبەتیان ناوێت. هەندێکجار تەنیا پێویست بە گۆڕینی شێوازی ژیان دەکات، وەکوو کەمکردنەوەی هۆکارەکانی ورووژانی مەمک و نەپۆشینی جلی تەسک و دانانی پادی تایبەت بە هەڵمژینی شیر لەنێو ستیان. 

هەندێکجار بۆ لەبنهێنانی هۆکاری دروستبوونی شیرەکە، چارەسەری کەسەکە دەکرێ، لە رێگای یەکێک یان زیاتر لەمانە: 

1- گۆڕینی دەرمانێک کە هۆکاری دروستبوونی حاڵەتەکەیە. 

2- چارەسەرکردنی گرفت لە غودەی دەرەقی، ئەگەر گرفتێک هەبوو. 

3- لابردنی گرێ لە ژێرمێشکەڕژێن لەڕێگای نەشتەرگەری. 

4- پێدانی هۆرمۆنی نێرینە. 

5- دەرمانی وشککردنی شیر.
سەبسکرایبی ئەم چەناڵە بکەن
بۆچى بێ ئەوەی دووگیان بیت شیر لە مەمکت دێت؟ بۆچى بێ ئەوەی دووگیان بیت شیر لە مەمکت دێت؟ بواسطة مسؤل المدونة on سبتمبر 09, 2018 Rating: 5

ليست هناك تعليقات

مدون محترف